گوڵ و شکۆفە نیشانەی بەردەوامیی ژیانی سروشتی و ئازادن و دوو بەشی گرنگی سەرجەم ژیانی مرۆیی و سروشتییش پێکدەهێنن، بەڵام هەر کەسێک بیرۆکەی ژیانی سروشتی و ئازادی گوڵ و مرۆڤ و ئاژەڵ و هتد نەزانێت و بۆیان کار نەکات، ئەوا هەرگیز ناتوانێت بەدەستی بهێنێت، و لەوانەیە نەتوانێت پارێزگاریشی لێ بکات؛ بۆ هەر ئامانجێکی دیکەش لە ژیاندا هەروایە.
بێگومان هیچ کتێبێک بێ هەڵە نییە، بەڵام نووسینیان هەمیشە لە نەنووسین باشترە. پێش ئەوەی لە خاڵی هەڵەکان تێپەڕین، دەرفەتە بڵێم سوپاسگوزاری هەموو کەسێکم کە کەموکوڕییەکانی ئەم فەرهەنگۆکە بدۆزێتەوە و تۆز لەسەر لاپەڕەکانی گوڵ و شکۆفە کوردییەکان بتەکێنێت.
فەرهەنگۆکەی گوڵەکان هەوڵێکە، مەبەست لێی گەیشتن بە چەند ئامانجێکە: یەکەم: لە ڕێگەی جوانیی گوڵەکانەوە چەند زانیارییەکی سەرەتایی دەربارەی هەندێک کۆمەڵە گوڵ و شکۆفە بە خوێنەرانی گەنج و گەورەتریش بگەیەنێت. دووەم: سەرنجی ئەوانەی گوڵ و شکۆفەیان خۆش دەوێت، و بەتایبەتی گەنجان، بۆ سەر ئەم بابەتە ڕابکێشێت، کە تا ڕادەیەکی زۆر لەناو خەڵکەکەماندا وەک پێویست بایەخی پێ نەدراوە، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختانەی ژیانەوە کە زیاتر لە هەزار و چوارسەد ساڵە نەتەوەکەمان پێیاندا تێدەپەڕێت. سێیەم، و گەورەترین هیوای من ئەوەیە، کە ئەم بیرۆکەیە لەلایەن خەمخۆران و نووسەران و پسپۆڕانمانەوە پەرەی پێ بدرێت و بەردەوام فەرهەنگۆکی گونجاو و جۆراوجۆر لە هەموو بوارەکاندا بە کوردی دابنرێن، وەک فەرهەنگۆکی باڵندە، دار، ئاژەڵ، ئامراز، مۆسیقا و هتد، بۆ گەنجەکانمان ئامادە بکرێن. چوارەم: لە ژیاندا و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆر کەس ڕاستی دەزانن، بەڵام ئەوانەی ڕاستی دەڵێن زۆر کەمن، لەبەر تاڵییەکەی، تا ئەو ڕادەیەی هەندێک بیرمەند بەم شێوەیە ستایشی ڕاستی دەکەن: ناشیرینترین داهێنانی مرۆڤ ڕاستییە. بۆ نموونە، هەموومان دەبینین چۆن مێژووی ڕاستییەکانی گوڵ و شکۆفەی نیشتمانەکەمان لەبەر بێباکی لەژێر تۆزدا ماوەتەوە و چاوەڕێی کەسە دڵسۆزەکانی نیشتمانەکەمانە کە لەژێر ئەو تۆزە دەریبهێنن؛ ناوی هەر شتێک کە بە کوردی بێت، چ گوڵ و شکۆفە بێت یان دار و درەخت، لە بەها مێژووییەکانی ئێمەیە، بۆیە هیوادارم گەنجەکانمان زیاتر شانازی بەم بەها مێژووییانەوە بکەن، چونکە ئەمانە بەها پیرۆزەکانی کولتووری هەر نەتەوەیەکی کۆن و دێرینن، وەک نەتەوەکەی ئێمە. لێرەدا شایانی گوتنە، کە هەر نەتەوەیەک لەناو مەیدانی نەتەوەکاندا بەهاکانی بوونی خۆی، وەک: زمان، مێژوو، ناوەکانی، داب و نەریتەکانی و هتد، لەدەست بدات، هەتیو دەبێت، و باشترین ڕێزگرتن لە هەتیوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەمێک خواردنە بە مەرج و شەرتەوە.
هەر نەتەوەیەک لەناو مەیدانی نەتەوەکاندا بەهاکانی بوونی خۆی، وەک: زمان، مێژوو، ناوەکانی، داب و نەریتەکانی و هتد، لەدەست بدات، هەتیو دەبێت
بابەتی گوڵ زۆر گەورە و فراوانە، هیچ کەسێک بە تەنیا یان هیچ کتێبێک بە تەنیا ناتوانێت ئەم بابەتە پڕ ناو و پڕ جۆرە ڕوون بکاتەوە، فەرمیکردنی ئەم کارە لەلایەن دامەزراوە و دەزگا زانستییە پسپۆڕەکانەوە دەکرێت، ئەوان دەتوانن بە تێر و تەسەلی وەک پێویست لەسەر بابەتی گوڵ و شکۆفە بنووسن و ڕوونی بکەنەوە، ئەمە لە لایەکەوە؛ لە لایەکی دیکەوە، هەرگیز و هەرگیز ئەمە بەو واتایە نییە کە هەموومان دەست لەسەر دەست دابنیشین و هیچ کارێک نەکەین تا دامەزراوەکانمان بڕیار دەدەن. حەز دەکەم لەسەر ئەم خاڵە نموونەیەک بهێنمەوە: کتێبی هۆڵەندیی Flora Batava؛ Flora Batava شاکارێکی بۆتانیکییە (ڕووەکناسی): کتێبەکە لە نێوان ساڵانی ١٨٠٠ و ١٩٣٤دا نووسراوە و لە ٢٨ بەشدا چاپ بووە. لە ٢٬٢٤٠ تابلۆی بە دەست کێشراو و ڕەنگکراو و ٥٬٠٠٠ لاپەڕەی نووسین کەمتر نییە. زیاتر لە ٢٬٦٣٠ جۆری دار و درەختی کێوی، گوڵ، قارچک، قەوزە و ئەو ڕووەکانەی لەناو ئاودان نیشان دەدات. ئەم کتێبە لەلایەن دوو کەسەوە دەستی پێکرابوو و دوای ١٣٤ ساڵ تەواو بوو، دوای ئەوەی دەیان شارەزا و خولیادار درێژەیان بەم کارە پیرۆزە دا.
بەپێی دوایین ئەنجامە زانستییەکان، زیاتر لە چوارسەد هەزار جۆری گوڵ و شکۆفە لە جیهاندا هەن، بێگومان ئەم ژمارە زۆرە لە کات و شوێنی جیاوازدا دەژین، بەڵام هەر نەتەوەیەک ناوی گوڵ و شکۆفەکانی خۆی پاراستووە. بەڕاستی جێی داخە کە نەتەوەکەمان پێش هەزار و پێنجسەد ساڵ خاوەنی زیاتر لە چل هەزار ناوی ڕووەک (گوڵ، دار و درەخت) بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٤دا مێشیش لەسەر لیستی ناوی گوڵە کوردییەکان میوان نییە، زۆربەی ئەو ناوانەی کە بە کوردیش بوون تاڵان کراون و دزراون، لە ئەنجامدا هەر گوڵێک چەند ناوێکی هەیە، ئەوانیش بەپێی ناوچەکان دەگۆڕدرێن، کوردیش بە زمانی سەردەستەکان ناویان دەبەن، و خاڵ و سەری دێڕ.
جێی دڵخۆشییە هەر کارێک لەم ئاراستەیەدا کرابێت یان بکرێت، بەڵام کاری تاکەکەسی نابێتە پێوەر بۆ کاری نیشتمانی، لانیکەم دەبێت کاری لەم جۆرە لەلایەن کۆمپانیایەکی پسپۆڕ، پەیمانگایەک، زانکۆیەک، شارەوانییەک و هتدەوە ئەنجام بدرێت. لەم بوارەدا من یەکێکم لەو کەسانەی کە کەم دەزانن، بەڵام کەس لە دایکی خۆی نەبووە و زەڕنگەر بێت.
لە کولتووری نەتەوەکەماندا چیرۆکێک هەیە دەڵێت: لە گوندێکدا لافاو هەستا و هەموو ماڵات و ئاژەڵی گوندەکەی لەگەڵ خۆیدا برد، ئێوارەیەکی درەنگ پیاوێک گەڕایەوە و لە بنی گوندەکەوە هاواری کرد و گوتی: کوا گای سوور، نەتانبینیوە؟ ڕاستە گای سوور و ئەوانی دیکەش هەموو ئاو بردنی، بەڵام گوندەکەمان، زمانەکەمان، کولتوورەکەمان، مرۆڤایەتییەکەمان، گوڵ و شکۆفەکانمان و هتد هەموو ماونەتەوە!! مافی خۆیانە پرسیار لە هەموو ئەو شتانە بکەن کە ئاو بردنی، نەک تەنیا گای سوور!! نابێت هەرگیز لەبیری بکەین کە ئێمە و گوڵ و گای سوور بە بوونی گوندەکەوە هەین. مرۆڤ هەرچەندە لەسەر گوڵ و شکۆفە یان هەر کێشەیەکی دیکە قسە بکات، لە کۆتایی کۆتاییدا هەموو ئەو قسانە تەنیا نیوەی کێشەکەن، و نیوەکەی دیکەش چارەسەرکردنی خودی کێشەکەیە، من ئەم دێڕانە دەنووسم تا دڵسۆزانی نەتەوەکەمان ئاوڕێک لەم بابەتە بدەنەوە و ببنە خاوەنی ئەم بەها بەنرخانەی کە داپیر و باپیرانمان بە هەزاران ساڵ پاراستوویانە. بەهۆی ئینتەرنێت و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، ئەم کارە لەم سەردەمەدا لە هەموو کاتێکی دیکە ئاسانترە، کەواتە با هەر دڵسۆزێک لە شوێنی خۆیەوە و بەپێی ئەو توانایانەی لەبەردەستیدان هەوڵ بدات، تا ئەم بۆشاییە گەورەیە لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ بکەینەوە.
Weysî Silêman Elîئایاری ٢٠٢٤



