وەک هەموومان دەزانین، لە ژیان و بوونی ئێمەدا هیچ شتێک نەماوە کە ناوێکمان لەسەر دانەنابێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی و گەڕانی بەردەواممان بۆ دانانی ناوێک لەسەر هەموو شتێک و هەموو هەستێک، تاکو زمانێکی هاوبەش لە نێوان مرۆڤەکاندا پەیدا ببێت بۆ تێگەیشتنێکی ئاسانتر.
لەوانەیە لە هەندێک بارودۆخدا مرۆڤ ناچار ببێت زمانی خۆی بگۆڕێت، بەڵام زۆر دەگمەن و کەمە کە ناوی ئەو شاخەی لە دامێنیدا دەژی و ئەو کانیاوەی ئاوی لێ دەخواتەوە بگۆڕێت، چونکە ئەم ناوانە ڕەگی خۆیان لە جوگرافیا و زمانی کۆنی ئەو خەڵکەوە وەرگرتووە؛ بە واتایەکی ڕوونتر، ئەم ناوانە لە مێژووی ئەو خاکەوە لەدایک بوون، نەک لە هیچ دەسەڵاتێکی تازە دروستبوو.
ئەمڕۆش، لە سەرانسەری کوردستاندا دوو جۆر ناومان هەیە: جۆری یەکەم: ئەو ناوانەن کە لە خاکی کوردستان و زمانی خەڵکەکەیەوە لەدایک بوون و هەڵگری مێژوو، پەیوەستبوون و زمانی خەڵکن، جۆری دووەم: ئەو ناوانەن کە لە کورسیی دەسەڵاتە تازە دروستبووەکانەوە داهێنراون و خراونەتە شوێنی ناوە ڕەسەنەکانی ئەم جوگرافیایە.
پێنج ئامانج
ئەم جۆرەی دووەم تەنها گۆڕینی ناوە ڕەسەنەکان و سەپاندنی ناوی تر نییە، بەڵکو ئامرازێکی ناسراوی داگیرکارییە کە ئامانج لێی سەپاندنی زاڵبوونێکی ڕۆشنبیری، مێژوویی و سیاسییە بەسەر ئەو خاکەدا، مەبەست لێی ئەوەیە پەیوەندیی خەڵک بە کولتوور و مێژووی خۆیەوە بپچڕێنن و لە کۆتاییدا ناسنامەی ئەو گەلە بە یەکجاری لەناو ببەن. لەم بوارەدا کەسانی شارەزا و پسپۆڕ جەخت دەکەنەوە کە ئەو پێنج ئامانجەی لە خوارەوە دیاری کراون لەخۆ دەگرێت.
١- سڕینەوەی ناسنامەی ئەو خەڵکە
ناو هەڵگری زمان، مێژوو و پەیوەستبوونە؛ کاتێک ناو دەگۆڕدرێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندیی خەڵک بە یادەوەری و ڕابردووی خۆیەوە و لەگەڵ کاتدا دابڕانی خەڵک لە ڕەگە کۆمەڵایەتییەکانی، لەم خاڵەدا داگیرکەر دەتوانێت بە ئاسانی ئەو گەلە دووبارە بەپێی ئارەزووی خۆی لە قاڵب بدات و لە نوێوە پێناسەی بکاتەوە. ئەمە بەو واتایەیە کە ئەگەر چەک جەستەی مرۆڤ دەکوژێت، گۆڕینی ناو؛ مێژوو، زمان، پەیوەستبوون و یادەوەرییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەکوژێت.
٢- ڕەواکردنی داگیرکاری
لە ڕێگەی گۆڕینی ناوی شار، گوند، شاخ و تەنانەت ناوی خودی خەڵکی ئەو خاکەوە، مەبەست چنینی چیرۆکێکی نوێیە لەسەر بوون و مێژووی ئەو خاکە، تاکو وەک ڕەسەنایەتیی ئەم شوێنە پێشکەشی نەوە نوێیەکانی بکەن، و بەم شێوەیە ڕەسەنایەتیی ڕاستەقینە دەنێژرێت.
٣- شکاندنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خاک
کاتێک ناوە ڕەسەنەکان قەدەغە دەکرێن، مرۆڤ لە نیشتمانی خۆیدا هەست بە نامۆیی دەکات، چونکە ناوە ڕەسەنەکان هەموویان نیشانە و هێما کۆمەڵایەتییەکانن کە هەستی پەیوەستبوون و بەردەوامی دەبەخشنە مرۆڤ، ئەمە تەنها یەک نموونەیە لە سەدان نموونە کە بە ڕێکاری ئیداری ئەنجام دەدرێن و ئامانجی هەموویان ئەوەیە کە خەڵکی ڕەسەنی ئەو شوێنە ببنە میوان لە جێ و واری خۆیاندا و بەبێ نیشانە و هێما کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکانیان بمێننەوە.
٤- سەپاندنی چیرۆکێکی نوێ
داگیرکەر هەرگیز تەنها بە زاڵبوونی سەربازی ناوەستێت، بەڵکو بەردەوام دەبێت لەسەر نووسینی مێژوویەکی نوێ، سەپاندنی زمانی خۆی، بە دروستکردنی چەمکی نوێ و ناسنامەیەکی نوێ بۆ نەوەکانی داهاتوو، تاکو ببێتە ڕاستیی ژیانی ئەو خەڵکە.
٥- لاوازکردنی بەرگریی ئەو خەڵکە لە داهاتوودا
هەر نەتەوەیەک ناوەکانی خۆی، زمانی خۆی و مێژووی خۆی نەزانێت، بە ئاسانی ژێردەست دەکرێت، و بێگومان هەر لەو کاتەدا یەکبوونیشی زۆر ئەستەم دەبێت. بە کورتی، گۆڕینی ناوەکانی گەلێکی ژێردەست تەنها ڕێکارێکی ئیداریی بێتاوان نییە، بەڵکو نەخشەیەکی توندوتیژیی هێماییە بۆ لەناوبردنی کولتووری ئەو گەلە، بەبێ ئەوەی داگیرکەر پێویستی بە لەناوبردنی ڕاستەوخۆی جەستەیی هەبێت.
گۆڕینی ناوی گوند و شارەکان
گۆڕینی ناوی گوند و شارەکان واتە شاردنەوە و پیسکردنی مێژووی ئەو شوێنە، ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستان و لە ناوچە جیاجیاکاندا لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا بە هەزاران ناوی شوێن، گوند و شارە کوردییەکان دووبارە بە ناوی تورکی، فارسی و عەرەبی ناونراونەتەوە و ئێستا ئەم ناوە تازە دروستکراوانە لەسەر نەخشەکان بەکاردێن و ناوە ڕەسەنەکانی ناوچەکان قەدەغەن!! با چەند نموونەیەک بڵێم:
دێرسیم بووە بە تونجەلی، ورمێ بووە بە ڕەزائییە، دیلۆک بووە بە گازی ئانتەپ … هتد.
ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانە، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون و پشتڕاست کراونەتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوەن:
- لە تورکیا ٢٨ هەزار ناوی (کوردی، ئەرمەنی، یۆنانی و سریانی) گۆڕدراون.
- لە ئێران ژمارەی ئەو ناوە کوردییانەی کراون بە فارسی لە ٢٠٠٠ کەمتر نییە.
- لە سووریا و عێراق ژمارەی ئەو ناوە کوردییانەی بە عەرەبی کراون لە ٨٠٠ کەمتر نییە.
سەرەڕای گۆڕینی ناوی شوێن، گوند، شار و ناوچەکان، ناوی خەڵکی کوردیش گۆڕدرابوو، لە تورکیا پێیان دەگوتن (تورکەکانی چیا)، لە سووریا پێشتر ناوی کوردەکان بیانی، کۆچبەر و بێناسنامە بوو، لە ئێران وەک کوردی بێماف و بێناسنامە دەناسێنرێن. ئەم سیاسەتە هاوشێوانە لە چوار وڵاتی جیاواز لە دەوروبەری کوردستان، ئامانج لێیان دابڕینی کوردەکانە لە مێژووەکەیان، چونکە داگیرکەر باش دەزانێت کە ئەو نەتەوەیەی ناوی خۆی لەدەست بدات، لە داهاتوودا ناچار دەبێت داوای چەسپاندن و دیارکردنی بوونی خۆی بکات. بە کورتی و بە کوردی، ئەو ناوانەی بە هەزاران ساڵە هەن، واتای بەردەوامبوونی ژیانی ئەو خەڵکە لەو شوێنەدا دەگەیەنن، واتای ئەوە دەگەیەنن کە خەڵکی ئەو خاکە هەموو مافێکی مێژوویی و بوونیان لەو شوێنەدا هەیە و هەرگیز نکۆڵییان لێ ناکرێت.
ڕیزبەندیی کۆنایەتی و بوونی نەتەوەکان
لێکۆڵەران و پسپۆڕانی تایبەتمەند لەم بوار و مەیدانەدا لەسەر ئەم ڕیزبەندییەی کۆنایەتی و بوونی نەتەوەکان و ئەو کۆدانەی ئەو نەتەوانە بۆ ناونان لە باکووری مێزۆپۆتامیا هەیانبوون، هاوڕا و کۆکن:
ڕیزبەندیی کۆنایەتی و بوونی گەلانی باوباپیرانی کورد لە باکووری مێزۆپۆتامیا لە مێژوودا، بۆ زانیاری (ناوچەکانی زاخۆ، دهۆک و مووسڵ ناوەندی شارستانییەتی حووری و میتانی بوون).
- سوبارتۆ – ٢٥٠٠–١٥٠٠ پ.ز: کۆنترین نەتەوەی شاخنشینن لەم ناوچەیەدا.
- حووری – ٢٣٠٠–١٣٠٠ پ.ز: شارستانییەتێکی جێگیر بوو.
- میتانی – ١٥٠٠–١٣٠٠ پ.ز: دەوڵەتێکی حووری بوو.
- ماد – ٧٠٠–٥٥٠ پ.ز: ئیمپراتۆرییەتێکی کوردی بوو.
- نەتەوەی کوردی ئێستا و ئەو گەلانەی لەناویدان.

ناوە حووری و میتانییەکان
هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر باکووری مێزۆپۆتامیا کراون جەخت دەکەنەوە کە هیچ ناوێک بە هەڕەمەکی دانەنراوە، پێچەوانەی ئەم قسەیە ڕاستە. سەرجەم ناوە کۆنەکان بەپێی شێوازی دیار و ڕوون دانراون کە هەموویان پەیوەست بوون بە: زمان، جوگرافیا، ئایین و دەسەڵاتی سیاسییەوە. بەپێی شێوازەکانی حووری و میتانییەکان، با چەند کلیل و کۆدێک ڕوون بکەینەوە کە بۆ دانانی ناوی شوێن، شار و هەروەها شوێنە سروشتی و خۆڕسکەکان بەکاریان هێناون.
چەند پاشگرێکی پەیوەست بە شوێنەوە (location suffix): -ta, -wa, -na, -uk, -ki … هتد.
چەند پێشگرێکی پەیوەست بە شوێنە سروشتی، بەرز و دیارەکانەوە: za-, zak-, zaw- … هتد.
ئێستا سێ نموونە لە ناوە حووری و میتانییەکان وەردەگرین:
١- زاخۆ – Zakho – Zakha – Zakhika
ئەم ناوە کۆنە چەند جارێک لەسەر تابلۆ قوڕییەکانی سەردەمی حووری/میتانییەکان دۆزراوەتەوە و بەم شێوەیە لێکدراوەتەوە:
- Za— ئەمە کۆدی ناونانە بۆ شوێنە بەرز و دیارەکان، بە واتای (شوێنێکی بەرز، بەرزایی، دیار و بەرچاو) دێت.
- Kho— لە زمانی حووریدا هەتا زمانە ئێرانییە سەرەتاییەکان بە واتای (ئاو، ڕووبار، لێواری ئاو و کەنار) دێت.
واتای زاخۆ: شوێنی بەرز و لێواری ئاو.

٢- زاویتە
لە بڕگەکانییەوە دیارە کە ناوێکی حووری/میتانییە:
- Za: کۆدێکە بۆ ناونانی شوێنە بەرزەکان.
- Wi: لە زمانی حووری/میتانیدا بە واتای (ئاو، ژیان) دێت.
- Ta: پاشگرێکی بڵاوی حوورییە، بۆ دیاریکردنی شوێن و جێگاکان بەکارهاتووە.
واتای ناوی زاویتە: شوێنی بەرزی ئاودار.
٣- زاگرۆس
لە پێکهاتەکانییەوە دیارە کە ناوێکی حووری/میتانییە.
- Za: کۆدی حووری/میتانییەکانە بۆ ناونانی شوێنە بەرز و دیارەکان، بە واتای (شوێنی بەرز، دیار، شاخ) دێت.
- Gros: بە واتای (گەورە، درێژ، زنجیرە) دێت.
واتای زاگرۆس: (زنجیرە شاخ یان بەرزاییە بەدوای یەکدا هاتووەکان).
ئەم چەند دێڕەی نووسیومن تەنها چەند سەردێڕێکی ئەو لێکۆڵینەوانەن کە لەلایەن پسپۆڕ و تایبەتمەندانەوە لەم بوار و مەیدانەدا لەسەر ڕابردووی داپیران و باپیرانمان لە باکووری مێزۆپۆتامیا ئەنجام دراون، مەبەست لێیان ڕوونکردنەوەی گرنگیی ناوە ڕەسەنە کوردییەکان و ئەو هەموو ئازار و چەرمەسەرییانەیە کە بەسەر ناوە کوردییەکاندا هاتوون و دێن، بە هیوای ئەوەی لەمەودوا هەموومان بۆ پاراستنی ناوە ڕەسەنەکانمان وریاتر بین.
ناو دەگۆڕدرێت، بەڵام ناسڕدرێتەوە.



