برینەکانی گۆڕینی ناوەکان
ناتوانم باوەڕ بکەم کە ئینسایکلۆپیدیایەک بەشی ژماردنی برینەکانی گۆڕینی ناوە کوردییەکان و ئەو دەرهاویشتانە بکات کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە گۆڕینی ئەو ناوانەوە پەیدا بوون. من پێش هەموو کەسێکی تر ئەمە لە خۆمەوە دەزانم: نیوەی ژیانم بە گلەیی و گازندەوە بەسەر برد، تا تێگەیشتم کە جەستەی مرۆڤی کورد تەنها کۆمەڵێک زام و برینە و پێویستە هەر کەسێک ببێتە پزیشکی خۆی.
هەر ئەو زام و برینانە پاڵیان پێوە نام کە هەندێک لەم برینانە لەسەر کاغەز ڕیز بکەم و بیانخەمە بەرچاو، تا ناوی ئەم برینانە لەسەر کاغەزیش بە چاو بخوێنرێنەوە، نەک تەنها بە هەست.
یەکێک لە برینەکان ئەوەیە کە لە کۆتایی وتاری نۆیەمدا ئاماژەم پێ کرد: ئەویش «قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە هەر شوێنێک، جینۆسایدی مێشکی مرۆڤی کوردە و سەرەتای هەموو جینۆسایدە نەتەوەییەکانی ترە».
کلیلی ژین و ژیان زمانە
بیڵێین یان نا، زمان بەشێکە لە مێشکی مرۆڤ و مێشکیش گەنجینەی وشە و بیرەکانی زمانە. زمان تەنها گوتنی وشەکان و بیستنی قسەکردن نییە؛ زمان جیهانی بیرکردنەوە، وەسفکردن، داهێنان، پێشکەوتنە.
بەربەستکردن، ڕێگرتن و سنووردارکردنی زمان، مرۆڤ لە گەشە و پێشکەوتنی ژیان بێبەش دەکات؛ ئەم بێبەشبوونە لە لایەن فەیلەسووفی وڵاتی چین، کۆنفۆشیۆس (٥٥١–٤٧٩ پ.ز)، بەم شێوەیە وەسف کراوە.
بێگومان کلیلی ژین و ژیان زمانە. زمان گرانبەهاترین و بەنرخترین چەمکە. گوتوویەتی: «ئەگەر زمان ڕێک نەبێت، هیچ شتێک ڕێک نابێت.» ئەگەر زمان نەبێت، دینداری نابێت! ئەگەر زمان نەبێت، بەرپرسیارێتی جێبەجێ ناکرێت! ئەگەر زمان نەبێت، مرۆڤەکان لە یەکتر تێناگەن! ئەگەر زمان نەبێت، ژیان دەبێتە ژیانی گاران!

بەپێی سەرژمێریی جیهان، نزیکەی ٨ ملیار کەس لە ژیاندان. هەموو ئەم مرۆڤانەش بەسەر سەدان نەژادی جیاوازدا دابەش بوون. بەڵام ئەگەر زمان بەکار نەهێنرێت، هەموو ئەو نەژادانە تەنها بەسەر چوار گرووپی مرۆڤدا لە ژیاندا دابەش دەبن: ڕەش، زەرد، سوور و سپی.
مافەکانی بەکارهێنانی زمانەکەمان
بە جەختەوە دەڵێم کە ئەو دیاردە کارەساتبارانەی لە قەدەغەکردن، بەربەستکردن و سنووردارکردنی زمانەوە سەرچاوە دەگرن، لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا لە وڵاتەکەماندا پشتشکێنن. تەنها لە ڕووی قسەکردنەوە سەیری بکە: زۆربەی کوردەکان چەند زمانێک قسە دەکەن، بەڵام زمانی خۆیان باش نازانن یان هەر نایزانن!
کار گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا مافەکانی بەکارهێنانی زمانەکەمان لەسەر خاکی خۆمان بوونەتە هێڵی سوور و زەرد. بوونەتە گرنگترین بابەتەکانی دانوستاندن لە نێوان نەتەوەکەمان و داگیرکەرانی زمانەکەمان. تا ئەو ڕادەیەی ئەم مافە ڕەوایانەی کە هەموو کەسێک لەسەر ڕووی زەوی هەیەتی، بوونەتە داخواز و داخوازینامە. لە هەموو دانوستاندنەکاندا پێویستە لەگەڵ ئەو جینۆسایدکەرانە دابنیشین و بەپێی بۆچوون، ڕێسا و چوارچێوەی دەسەڵاتداران داوای مافەکانمان بکەین. تەنها خوا دەزانێت کەی ئەو دانیشتنانە ئەنجام دەدرێن.
زمانی دایک بووەتە پارێزەری بوون
لە وڵاتی چین، فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس (٥٥١–٤٧٩ پ.ز) لە لایەن زۆربەی خەڵکەوە پەسەند کرا و کردیانە هێڵی بنەڕەتیی ڕێکخستن، پێشخستن، پاراستن و بەردەوامکردنی زمان و کەلتووری گەلەکەیان. ئەم هێڵە بنەڕەتییە بووە هۆی پاراستنی زمان و شارستانییەت و دووبارە ژیانەوەی ئەم وڵاتە، دوای ئەوەی لە درێژایی مێژووی خۆیدا ڕووبەڕووی زۆر داگیرکاری و گۆڕانکاریی جۆراوجۆر لە ژیانی ئەم خەڵکەدا بووەوە.
زۆر نموونە لە مێژوودا ئەوە دەسەلمێنن کە زمانی دایک بووەتە پارێزەری بوون، پێشکەوتن و داهاتووی نەتەوە، وەک وڵاتی ژاپۆن، کە تەنانەت دوای ئەو دوو بۆمبە ئەتۆمییەش، پرۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵات بە چاکسازیی گەورە لە زمان، کەلتوور و پەروەردەدا دەستی پێ کرد.
ژاپۆنییەکان بە سێ شێوازی نووسینی جیاواز دەنووسن و لە هەمان ڕستەدا پێکەوە بەکاریان دەهێنن، نەک هەر شێوازێک جیا لەوانی تر بەکار بهێنن.
سێ شێوازەکە ئەمانەن
- هیراگانا (ひらがな) بۆ وشە ڕەسەنە ژاپۆنییەکان و کۆتاییە ڕێزمانییەکان بەکار دێت. پیتەکانی شێوەی تایبەتی خۆیان هەیە. نموونە: こんにちは (konnichiwa) = سڵاو.
- کاتاکانا (カタカナ) زیاتر بۆ وشە بیانییەکان، ناوە وەرگیراوەکان و دەنگەکان بەکار دێت. شێوەی پیتەکانی تیژتر و گۆشەدارترن. نموونە: コーヒー (kōhī) = قاوە.
- کانجی (漢字) ئەمانە هێمای بە ڕەچەڵەک چینین. هەر هێمایەک بیرۆکەیەک یان بەشێک لە بیرۆکەیەک لەخۆ دەگرێت. نموونە: 山 = چیا، 水 = ئاو.
خاڵی سەرنجڕاکێش: ژاپۆنییەکان هەر سێ شێوازەکە فێر دەبن و لە کاتی نووسیندا بە شێوەیەکی سروشتی تێکەڵیان دەکەن. ئەمە وا دەکات نووسینی ژاپۆنی بۆ دەستپێکەران زۆر قورس و ئاڵۆز دیار بێت، بەڵام بە فێربوون و بەردەوامی سووک و ئاسان دەبێت!
ڕەوشی زمانی کوردی
لە وڵاتەکەماندا ڕەوشی زمانی کوردی زۆر لاوازتر و وێرانترە. جگە لەو دوو ئەلفوبێیەی کە بوونەتە بەڵا بەسەرمانەوە، زمانی کوردی بە گشتی بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا دابەش دەبێت: کوردیی سەروو، کوردیی ناوەڕاست و کوردیی خواروو. تا ئەمڕۆش بۆ هیچ بەشێک لەم سێ بەشە فەرهەنگێکی ئەکادیمیی یەکگرتوومان نییە. بوونی ئەم فەرهەنگانە یەکەم و بنەڕەتیترین هەنگاوە بۆ زیندووکردنەوەی زمانەکەمان. لیستی گلەیی و گازندەکانمان لەم بوار و مەیدانەی خزمەتکردنی زمانی کوردیدا زۆر درێژترە لە کار و کردەوەکانمان لەو بوارەدا.
مەبەستم لەم نموونانەی سەرەوە ئەوەیە کە هەموو کوردێک بتوانێت هەستی پێ بکات و بە ڕوونی ببینێت کە ئەگەر زمانی دایک بەهێز و پتەو بێت، ئەوا ئەو نەتەوە و وڵات و هەموو کەسێکیشی بەهێز و پتەو دەبن؛ ئەگەر زمانی دایک نیوەمردوو بێت، ئەوا ئەو نەتەوە و وڵات و هەموو کەسێکیشیان هەروا دەبن. ئەمە بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە بەهێزی و توانای هەر نەتەوە و وڵاتێک لە هێزی زمانی دایکەوەیە، پێش هەموو شتێکی تر. پێمان دەڵێت کە نەتەوەیەک زمانی دایکی خۆی پاراستبێت، نەتەوەیەکی بەهێزە و بۆ بەهێزکردنی خۆی سوود لە هەموو سیستەمە باشەکانی جیهان وەردەگرێت؛ بەڵام نەتەوەیەک کە نیوەمردوو بێت نەک هەر ئەمە ناکات، بەڵکو ئەو سیستەمانەش کە لە کەلەپووری خۆیدا هەن لە دەست دەدات و مرۆڤی تەمبەڵ و کەمهۆش بەرهەم دەهێنێت.
گۆڕینی ناوە کوردییەکان لە سەد ساڵی ڕابردوودا
بە کورت و کرمانجی، گۆڕینی ناوە کوردییەکان لە سەد ساڵی ڕابردوودا، چ ناوی کەسەکان، بنەماڵەکان، گوند و شارەکانی کورد بن، چ ناوی چیا، ڕووەک، ڕووبار و ناوچەکانیان، بووەتە هۆی دەرئەنجامی نەرێنیی قووڵ. کاریگەریی ئەمە تەنها لەسەر زمانی کوردی نەماوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ناسنامەی نەتەوەیی، کەلتوور، مێژوو و یادەوەریی بەکۆمەڵی گەلی کورد.
ئەم دیاردەیە لە زۆر قۆناغی جیاوازدا، بە ڕێگاکانی بەعەرەبکردن، بەتورککردن، بەفارسکردن و گۆڕینی ناسنامەی ناوچەیی، لە تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران بە شێوەی جیاواز ڕووی داوە.
دەرئەنجامە نەرێنییەکان و زیانەکانی کورد لەم گۆڕانکارییانە چین؟ بە کورتی، چونکە لە بەشی داهاتوودا تا ڕادەیەک بە درێژی لەسەر دەرئەنجام و دەرهاویشتە وێرانکەرەکانی ئەم گۆڕانکارییانە دەوەستم. ئێستاش تەنها ناو و نیشانەی چەند زیانێکی سەرەکیی کورد لەم گۆڕانکارییانەدا.
زیانە سەرەکییەکان
زیانە سەرەکییەکان دەکرێت لە پێنج بواری بنەڕەتیدا کورت بکرێنەوە:
- زیانی مێژوویی: لاوازکردنی بوونی مێژووی کورد لە بەڵگەنامە و نەخشەکاندا.
- زیانی کەلتووری: کەمکردنەوەی ئەو ناو، هێما و توخمە کەلتوورییانەی کە لە نەوەکانی پێشووەوە بە میرات ماونەتەوە.
- زیانی زمانی: لاوازکردنی پەیوەندیی نێوان زمانی کوردی و ژیانی ڕۆژانە.
- زیانی کۆمەڵایەتی و دەروونی: قووڵکردنەوەی هەستی نامۆیی و ئەو جیاکارییەی کە بە ناسنامەوە بەستراوەتەوە.
- زیانی جوگرافی: لاوازکردنی پەیوەندیی مێژوویی گەل بە خاکەکەی و ناوەکانییەوە.
ئەمە تەنها دڵۆپێکە لە دەریای برینەکانی گۆڕینی ناوی کوردی کە لە ڕێگەی قەدەغەکردنی زمانەوە ئەنجام دەدرێن.



