Flora Kurdica ڕووەکەکانی کوردستان و ناوە کوردییەکانیان تۆمار دەکات. تا ئێستا ماڵپەڕەکە بە ئینگلیزی و کورمانجی بوو. ئێستا بە سۆرانیش هەیە: مێنیوەکان، پەڕەکانی «دەربارە» و «زمان»، شازدە وانەکەی کتێبەکەی Weysî Silêman Elî، Kulîlk û Gul bi Kurdî، هەر دە بەشەکەی زنجیرەکەی، گرنگیی ناو و کورد، و یەکەمین پەڕەکانی ڕووەکەکانمان.
بەم بۆنەیەوە، وتارێکی شاڕۆخ حەسەن زادە بڵاو دەکەینەوە کە بە سۆرانی نووسراوە، دەربارەی سروشتی کوردستان و ئەوەی بۆچی دەبێت ناوی ڕووەکەکانی بنووسرێنەوە. دەقەکە و ئەو بۆچوونانەی تێیدان هی خودی نووسەرن.
کوردستان وەک ناوچەیەکی جوگرافیایی
کوردستان وەک ناوچەیەکی جوگرافیایی، تابلۆیەکی زیندوو و ناوازەی سروشتە کە لەسەر نەخشەی جیهان دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوڤین و، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای دانیشتوانی بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوەدا دابەش کراوە. ئەم جوگرافیایە، لە زنجیرە چیا سەرکەشەکانی تۆرۆس و زاگرۆسەوە هەتا دەگاتە دەشتە پان و بەرین و پڕپیت و بەرەکەتەکانی، خاوەن تۆپۆگرافیایەکی فرەڕەهەند و سەقا و کەشوهەوایەکی جۆراوجۆرە. ئەم تایبەتمەندییە سروشتییە وای کردووە ئەم خاکە ببێتە یەکێک لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە ڕووی فرەچەشنیی بایۆلۆژی و بوونی گەنجینەیەکی بێ پایانی ڕووەکییەوە. تۆمار و توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم خاکە پان و بەرینەدا هەزاران جۆری جیاوازی گیا، گوڵ، دار و ڕووەکی بوونیان هەیە، کە زۆربەیان تایبەتن بەم ژینگەیە و لە چوارچێوەی ڕووەکە ڕەسەن و تایبەتەکاندا پۆلێن دەکرێن و بەشێکی زۆریان بۆ دەرمان دەشێن.
سروشتی کوردستان گەنجینەیەکی سەربەمۆر و هەمەچەشنە کە لە باوەشی دۆڵ، دەوەن، گرد، باسک و تەپۆڵکەکانەوە سەر هەڵدەدات و لە قووڵایی گەڵی، ڕەوەز و لوتکە سەرکەشەکاندا شکۆی خۆی دەنوێنێت؛ لە پێدەشتە پان و بەرینەکان و شوێنی ڕژد و تەلانەوە هەتا نیساری ساردوسڕ و بەرڕۆژی گەرم، دەگەڵ دەم کانی و ڕووبارە مەندەکاندا هاوسەنگییەکی بێوێنە پێکدێنێت، وەک چۆن لە دارستان و قەوزە، چیمەن و مێرگی هەمەڕەنگ و باغ و باغچە دڵگیرەکاندا ژیان دەڕوێنێت، لە ناخی دارە بەڕوو، قەزوان، بادام و گوێز و گێوژ و بەڵاڵووک و هەنجیر و مازوو، کرۆسک و مێوراز و شیلان هتد...، فرەچەشنیی خۆی وەک گەنجینەیەکی مەزنی سروشت دەپارێزێت.
سروشتی کوردستان لە بەهاران دەبێتە فەرشێکی خەنەیی و کەسک و جوان کە چیا و کەژ و کوێستانەکانی، دەشت و بنارەکانی پڕە لە گوڵاڵەسوورە، بەیبوون، سوێسن، شەوبۆ، نێرگز، کنێرە، مەمۆڵە، ڕیحانە، هەڵاڵە، شلێرە، هێرۆ، وەنەوشە، کەما و کەرکۆڵ و هەزبێ و سوورەچنە و کوارگ، کوڕادە، کەنگر، لووشە، قازیاخە، ئەسپینگ، مەندۆک، گێلاخە، گەزگەسک، ئەسرێلک، پونگە، دۆری، بیزا، کاردوو، تیسوو، دونبەڵان، نەعنا، جاترە و... کە گشتیان وێڕای نەخشاندنی سروشتی کوردستان دەرمانی دەردەدارانن. ئەم دەوڵەمەندییە سامانێکی گەورەی نیشتمانی و زانستییە کە پێویستی بە ناسین، پاراستن و لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەکادیمی هەیە. زانستی ڕووەکناسی و بەتایبەت گوڵناسی، لە جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆدا وەک یەکێک لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی زانستی ژینگەپارێزی، دەرمانسازی و کشتوکاڵ سەیر دەکرێت. وڵاتانی جیهان سەدان ساڵە لە ڕێگەی دامەزراندنی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو، باخچە و نواندنی فەرهەنگی زانستیی ڕووەکناسی، توانیویانە زۆربەی هەرە زۆری ژینگەی ڕووەکیی خۆیان کۆبکەنەوە، پۆلێن بکەن و ناوی زانستی و لۆکاڵی بۆ دابنێن. ئەوان لەم ڕێگەیەوە نەک تەنیا مێژووی سروشتی خۆیان پاراستووە و تۆمار کردووە، بەڵکوو زانستەکەیان خستووەتە خزمەت پیشەسازیی پزیشکی و ئابووریی نیشتمانییەوە. بەڵام مەخابن، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، وێڕای ئەوەیکە خاوەنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین و دەگمەنترین ژینگە ڕووەکییەکانین، ئەم بوارە گرنگە بە شێوەیەکی زانستی، ئەکادیمی و نووسراوە ئاوڕی جددی لێ نەدراویتەوە و بە هۆی بارودۆخی سەختی مێژوویی، داگیرکاری، نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ و دامەزراوەی پسپۆڕ، مێژووی ڕووەکی ئێمە زیاتر لە چوارچێوەی فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکیدا ماوەتەوە.
زۆرێک لە ناوە ڕەسەن و کوردییەکانی ڕووەک و گوڵەکانمان بەهۆی نەنووسینەوە و تۆمار نەکردن لەناو چوون، یان لەلایەن زمانە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکەوە دزراون و بەناوی ترەوە تۆمار کراون. کاتێک گەلێک ناوی ڕووەک، چیا و گوڵەکانی خۆی لەدەست دەدات، لە ڕاستیدا بەشێک لە ناسنامە و زمانی دایکی خۆی لەدەست دەدات. ئێمە لە ڕووی توێژینەوەی ئەکادیمی نووسراوەوە تووشی بۆشاییەکی گەورە بووینە کە چیتر نابێت بەردەوام بێ. لەسەر بنەمای ئەم پێویستییە نیشتمانی و زانستییە، ئەم ماڵپەڕە فرەزمانە وەک یەکەمین سەکۆی فەرمی و زانستیی هەمەلایەنە بۆ ناساندنی گوڵ، گیا و ڕووەکەکانی هەموو کوردستان، دامەزراوە. ئامانجی سەرەکی ئێمە و دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئەم پڕۆژەیە، کۆکردنەوەی هەموو ئەو زانیارییە پەڕشوبڵاوانەیە کە لەسەر سروشتی کوردستانی گەورە هەن و ڕێکخستنەوەیان لەسەر بنەمای ستانداردی زانستیی جیهانی دەبێ. ئێمە لەم ماڵپەڕەدا کار لەسەر پاراستن و بە دۆکیۆمێنتکردنی ناوە کوردییەکان لە گشت شێوەزار و زاراوەکاندا دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە فەوتانی زمانەوانی ئەم گەنجینەیە، شانبەشانی پۆلێن کاری زانستی ڕووەکەکان بە هاوکاریی پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەوە و پێشکەشکردنی زانیارییەکان بە زمانە جۆراوجۆرەکان بۆ ئەوەی جیهان لە ڕێگەی ئەم پەنجەرەیەوە ئاشنای دەوڵەمەندیی خاکی کوردستان بێت.
هاوکات یەکێک لە ئامانجە هەرە لەپێشینەکانمان بریتییە لە گەڕان و دۆزینەوەی ئەو جۆرە نوێیانەی ڕووەک و گوڵ و گیا کە تا ئێستا لە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیدا تۆمار نەکراون، بۆ ئەوەی ناوی کوردی و ناسنامەی زانستییان پێ ببەخشین. ئەم سەکۆیە دەکرێ ببێتە ئەرشیڤێکی نیشتمانی زیندوو کە باوەڕی تەواوی هەیە بەوەی ناسینی ژینگەی نیشتمان، یەکەمین هەنگاوە بەرەو خۆشەویستن و پاراستنی. لێرەوە داوا لە تەواوی زانایان، توێژەران، قوتابیان و خوێندکاران، ژینگەدۆستان و دڵسۆزانی نیشتمان دەکەین کە ببنە هاوکار و پشتیوانی ئەم کارە پیرۆزە هەتا پێکەوە تۆزی فەرامۆشی لەسەر لاپەڕە سەوزەکانی کوردستان دابماڵێنین و ناسنامەی ڕاستەقینەی سروشتەکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزین.
پەڕە سۆرانییەکانی ئەم ماڵپەڕە وەرگێڕانن. بە وردی ئامادەمان کردوون، بەڵام هێشتا کەسێک کە زمانی دایکی سۆرانییە بە هەموویاندا نەچووەتەوە. ئەگەر هەڵەیەک دەبینیت، یان ناوی سۆرانیی ڕووەکێک دەزانیت و دەزانیت لە کوێ نووسراوە، تکایە پێمان بڵێ. پەڕەی زیاتری ڕووەکەکان بە سۆرانی بەدوایدا دێن.



