کەسایەتی
لە ٠٥-٠٨-١٩٩٧دا، کاتێک وەک پەنابەر گەیشتمە ئەورووپا، ئازاربەخشترین پرسیار بۆ من ئەمە بوو: «تۆ لە کام وڵاتەوە هاتوویت؟»
گوتم: «من خەڵکی کوردستانم.»
ئەوان پێیان گوتم: «کوردستان لەسەر نەخشە نییە!»
ناچار بووم ناوی هەرێمەکەی خۆم لەگەڵ هەموو ئەو زانین و زانیارییانەی پەیوەندییان بەو هەرێمەوە هەیە ڕوون بکەمەوە. بەڵام ئەو کەسەی پرسیاری لێ دەکردم، بە ئاسانی ناوی ئەو دەوڵەتەی نووسی کە ئەو هەرێمەی لێیەوە هاتبووم سەر بەو بوو، و لە تەنیشت ناوی ئەو دەوڵەتەوە کەوانەیەکی کردەوە و تێیدا نووسی: «کورد» — وەک ئەوەی زمانی قسەکردنم تاکە نیشانەی ناسنامەکەم بێت.
ئەگەر ڕوونتر بڵێم، نەمتوانیبوو خۆم بە شێوەیەکی باش پێناسە بکەم. هەر لەو ساتەدا ئەم باوەڕە لە مێشکمدا چەکەرەی کرد: ئەو کەسەی خۆی نەناسێت، ناتوانێت بە ئازادی خۆی پێناسە بکات.
ئاگام لەوە نەبوو کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، پێش ئەوەی من هەبم، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان منیان بە جیهان پێناسە کردووە؛ قسەی ئەوان بووەتە فەرمی و وەک ڕاستی پەسەند کراوە، بەڵام ڕاستیی منیش بووەتە جێی گومان.
خۆناسین
بۆیە، خۆناسین تەنها ئاگاداربوون لە بوونی خۆ نییە. ئەو بە مێژوو، زمان، کولتوور، جوگرافیا، یادەوەری و مافی خۆپێناسەکردنەوە بەستراوەتەوە، بەڵام هەزار جار مخابن کە هەر لە ڕووخانی دەوڵەتی ساسانییەکان بەدواوە، ئەم زمان، مێژوو، کولتوور، جوگرافیا و یادەوەرییانەی نیشتمانەکەمان ڕووبەڕووی وێرانکردن بوونەتەوە و دەبنەوە، و بێ دەوڵەت و بێ خاوەن ماونەتەوە، هەروەک پێشینانیشمان گوتوویانە: ماڵی بێ خاوەن خۆراکی گورگانە.
ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی ترەوە ژیان ئەوەندە بە خێرایی بەرەو پێش دەچێت و دەگۆڕێت کە ئێمە لە ناویدا سەرلێشێواو و گێژ ماوینەتەوە، ناتوانین ئەم پێشکەوتنە خێرایانە بە باشی هەڵبسەنگێنین، چونکە ئەو بەهایانەی سی ساڵ لەمەوبەر لە مێشکماندا زۆر بەنرخ بوون، لە ژیانی ئەمڕۆدا نرخیان کەمتر بووەتەوە و بەرەو کەمبوونەوە دەچن، ئەو باوەڕانەی سی ساڵ لەمەوبەر لە کۆمەڵگاکەماندا پیرۆز بوون وەک خۆیان نەماونەتەوە، زۆرێک لە ڕەفتارەکانی سی ساڵ لەمەوبەرمان بەکەڵکی ژیانی ئەمڕۆ نایەن… هتد. بە کورتی و بە کوردییەکەی، وەک ئەم پەندەی پێشینانە: گوڵ تەڕ بوو، بارانی لێ باری، تەڕ و شەڵاڵ بوو.
چاودێرانی ڕۆژئاوایی
سەرەڕای ئەم ڕاستییە مێژووییانە کە ئەلفوبێی زمانەکەمان لە نیشتمانەکەماندا قڕکرا (جینۆساید کرا)، نووسراو و کتێبەکانمان ئەنفال کران، سیسکردنی دەمارەکانی کولتوورەکەمان خرایە گەڕ، ناوی گژوگیا و گوڵەکانمان تاڵان کران، زمانی خۆیان خستە دەممانەوە، زمان و کولتووری کوردییان لە فەرمیبوون دوور خستەوە. جگە لە هەموو ئەم کارانەی باسکران کە دژی مرۆڤایەتی و شارستانییەتی ئێمە ئەنجام دران، هێشتاش زۆر چاودێری ڕۆژئاواییمان هەن کە ستایشی کەسایەتیی مرۆڤی کورد دەکەن. بۆ نموونە:
- ڕۆژهەڵاتناسی ئیتاڵی Pietro Della Valle، کە لە ساڵی ١٦١٧دا بە ناو کورداندا تێپەڕیوە و لە کتێبی Viaggi باسی ئەوانی کردووە؛
- ڕۆژهەڵاتناسی ئینگلیز Claudius James Rich، کە لە ساڵی ١٨٢٠دا لە کوردستان مایەوە و لە کتێبی Narrative of a Residence in Koordistan (1836) دەربارەیان نووسی؛
- و گەشتیاری بەریتانی Isabella Lucy Bird Bishop، کە لە ساڵی ١٨٩٠دا ئەوانی بینی و لە کتێبی Journeys in Persia and Kurdistan (1891) دەربارەیان نووسی.

لە کتێبەکانیاندا ڕاستییەکی گەورە دەردەکەوێت: هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم، کەسایەتیی مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیاواز و بەهێز بوو، بەتایبەتی ژنی کورد، و ئەمەش پێش دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەییەکان بوو.
یەکێک لە پارادۆکسەکانی ژێردەستکردنی کوردستان ئەوەیە کە ئەوانەی نیشتمانەکەمانیان داگیر کرد، خۆیان لە ڕووی زمان و کولتوورەوە لاواز و پڕ کەموکوڕی بوون، بە پێچەوانەی ئینگلیز و ئیسپانی و پورتوگالییەکان کە خاوەنی زمانی پێشکەوتوو، دەوڵەمەند و تەواو بوون و هەر وڵاتێکیان داگیر بکردایە، بە ئاسانی زمانی خۆیان لە ناو ئەو گەلانەدا بڵاو دەکردەوە، بەڵام لە کوردستان ئەمە نەهاتە دی!! هەر کە گەیشتنە سەر خاکی کوردستان، دەستیان کرد و دەکەن بە تاڵانکردنی زمان، مۆسیقا، زانست و کولتووری کوردی، و هەروەها هی گەلە کۆنەکانی ناوچەکەش، ئەمەش لە بێدەرەکانی زمانی فارسی، تورکی و عەرەبییەوە دیارە کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو وشەی زمانەکانی کوردی، ئارامی، ئەرمەنی، یۆنانی … هتد لەخۆ دەگرن.
دوو شەڕی هاوکات
بۆ ڕوونکردنەوەی چوارچێوەی ستراتیژی و میکانیزمەکانی ژێردەستکردنی زمان و کولتووری کوردی، لەسەر ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی کوردیی نووبار بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان دەوەستم.
لە هەر قۆناغێکی مێژوویی کە کۆمەڵگا و گەلان پێیدا تێدەپەڕن، دوو شەڕی هاوکات پێکەوە ئەنجام دەدرێن. یەکێکیان شەڕێکی ئاشکرایە کە لەسەر زەویی فیزیکی ڕوو دەدات، ئەوی تریشیان شەڕێکی هێمایی و فیکرییە کە لە مێشکی مرۆڤەکاندا ئەنجام دەدرێت و لە یەکەمیان مەترسیدارترە. ئەنجامی شەڕی یەکەم بە هێزی سەربازی، سەرچاوە ئابوورییەکان و هاوپەیمانییە سیاسییەکان دیاری دەکرێت، بەڵام شەڕی دووەم بە زمان، وێنە و گێڕانەوە (ناراتیڤ) یەکلایی دەکرێتەوە.
بۆیە، لە زۆر حاڵەتدا ئامانج ئیتر تەنها شکاندنی سیاسیی نەیار نییە. ئامانج ئەوەیە کە وێنەیەکی نەرێنی، لێڵ و زۆر ئاڵۆز لە مێشکی گشتیی لایەنی بەرامبەردا بچەسپێنرێت. لە ئەنجامدا، تەنها گوتنی ناوەکەی بە خۆی دەبێتە هۆی ڕەتکردنەوە، پێش ئەوەی دەرفەتی هەڵسەنگاندنی بیر و هەڵوێست و بۆچوونەکانی بڕەخسێت.
لە بەشی پێنجەمدا باسی ئەو شەڕە فیکرییە و کاریگەرییەکەی دەکەم لەسەر سڕینەوە و گۆڕینی ناوەکان، و لەسەر کەسایەتی، هەڵوێست، تێڕوانین و بڕیاردانی مرۆڤی کورد لەم جەنگەدا.



